نەغەدە؛ مەنسوور عەبدوڵڵازادە بە دانانی بارمتە ئازاد کرا
ڕۆژی شەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی «مەنسوور عەبدوڵڵازادە» تەمەن ٤١ ساڵ خەڵکی گوندی «خەلیفان» سەر بە نەغەدە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.
ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، ئەو هاووڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتی بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.
ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە بێبەش کرابوو.
ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، مەنسوور عەبدوڵڵازادە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
ئەو هاووڵاتییە خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەو هاووڵاتییە کوردە زانیارییەکی دەقیق لەبەر دەستدا نییە.