بۆکان؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی ئیسماعیل کەریمی لە زیندانی بۆکان

05:25 - 27 خاکەلێوه 2726

٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی یەک مانگ لە کاتی دەسبەسەرکرانی ئیسماعیل کەریمی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی «شۆڕیجە» و دانیشتووی بۆکان، چارەنووسی ناوبراو لە زیندانی ئەم شارەدا ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردووە و دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ زیندانی بۆکان گواستراوەتەوە.

ئەم سەرچاوەیە زیادیشی کرد: ئەم هاووڵاتییە کورده لە ماوەی دەسبەسەرکرانی لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.

لە مانگی گەلاوێژی ١٤٠١یش، ئیسماعیل کەریمی بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ئەم هاووڵاتییەی خێزانداره و سێ منداڵی هەیە.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئیسماعیل کەریمی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.