سنە؛ کوژرانی محەممەد سۆهرابزادە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لەنێو ئۆتۆمبێلدا
١١ی خاکەلێوەی ١٤٠٥؛ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا «محەممەد سۆهرابزادە»، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سنە، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لەدەست داوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەردەستن، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، ئەم هاووڵاتییە کە لە دانیشتووانی ناوچەی «کەمێز»ی سنە بووە، لە ڕێگای قوڵیان–سنە و لە کاتێکدا کە لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی لەناو ئۆتۆمبێلدا بووە، بە تەقەی ڕاستەوخۆ کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامی بەرکەوتنی دوو گوللە، پێش گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن باوک و دایکیشی لە کاتی ڕووداوەکە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون.
تەرمی «محەممەد سۆهرابزادە» ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ بە خاک سپێردراوە و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی فەرمی لەلایەن میدیا و کەناڵە حکومییەکانەوە لەبارەی ئەم ڕووداوە بڵاو نەکراوەتەوە، هەروەها ناوەندە پەیوەندیدارەکان، لەوانە دادستانی و هێزە ئینتزامییەکان، هیچ ڕوونکردنەوەیەکییان لەبارەی ئەم ڕووداوه نەداوە.