شنۆ؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی فارووق نیک‌سرشت

17:29 - 11 خاکەلێوه 2726

١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٥؛ پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ هەفتە لە دەسبەسەرکرانی «فارووق نیک‌سرشت»، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شنۆ، تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە، هەروەها لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە بێبەش کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: «فارووق نیک‌سرشت» نزیکەی سێ هەفتە پێش لە دوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵی، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە. هەروەها ناوەندە ئەمنییەتییەکانیش لە وەڵامدانەوە لەسەر ئەم بابەتە خۆیان دەپارێزن. لەگەڵ ئەوەشدا، ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکردنەوە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە بێبەش کراوە.