سەقز؛ سەپاندنی کەشی ئەمنییەتی_نیزامی، جێگیرکردنی خاڵی پشکنین لە شوێن و کاتە جیاوازەکان و پشکنینی بەردەوام، هێرشی شەوانە بۆ سەر ماڵەکان و درێژەی پشکنین و تێکدان، گەڕانی بەربڵاو بۆ دۆزینەوەی ستارلینک

19:52 - 6 خاکەلێوه 2726

٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٥؛ بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە کوردپا گەیشتوون، لە ڕۆژانی ڕابردوودا کەشی شاری سەقز، دەوروبەر و گوندەکانی ناوچەکە لە ڕێگەی جێگیرکردنی بەربڵاوی خالی پشکنین، پشکنینی هاووڵاتییان و ماشینەکان، هێرشی شەوانە بۆ سەر ماڵی خەڵک و چالاکان و پشکنین و تێکدانی ماڵەکان و هەروەها گەڕانی ماشینەکانی هێزی ئینتیزامی کە دەوترێ دەزگاگەلێکیان لەسەر دامەزراون تاکوو شەپۆلەکانی ستارلینک بدۆزنەوە، بە تەواوەتی ئەمنییەتی کراوە. هەروەها هێزەکان جیا لە ترساندنی خەڵک، بەچڕی خەریکی گەڕان بە دوای دەزگاکانی ستارلینک یان هەر کەرەستەیەکن کە گومانیان لێی هەبێ."

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هێزە ئینتیزامییەکان بۆ ناسینەوەی کەلوپەلەکانی ئینتێرنێتی ماهوارەیی، دەزگاگەلێکیان لەسەر ماشینەکانی خۆیان بەتایبەت ماشینی تۆیۆتا دامەزراندووە کە دەوترێت بۆ شوێنهەڵگرتنی شەپۆلەکانی ئینتێرنێت لەوانە ستارلینک بەکار دەهێنرێن.

هاوکات، ڕاپۆرتەکان باس لە زۆربوونەوەی گوشارەکان بۆ سەر چالاکانی مەدەنی، سیاست و تەنانەت وەرزشوانان لە سەقز دەکات. هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بە هێرشی شەوانە، بانگکردن، لێپرسینەوە و خستنە ژێر چاوەدێریی ئەم کەسانە کردووە. لە درێژەی ئەم ڕەوتەدا، لە ماوەی شەوانی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی دەیان هاووڵاتی و کەسانی چالاک. ئەم هێزانە وێڕای بێڕێزیکردنی زۆر، دەستیان بە پشکنین و تێکدانی ماڵەکان و کەلوپەلە کەسییەکان کردووە و بە دوای کەرەستەی ستارلینک و شتگەلێکدا گەڕاون کە بە وتەی ئەوان "گومان"یان لەسەرە.

لەلایەکی ترەوە، ڕاپۆرتەکان نیشانی دەدەن کە هاوکات لەگەڵ دەسپێکی هێرشەکان بۆ ناوەندە نیزامی و حکوومەتییەکان لە ئێران، ئاڵوگۆڕی هێزەکان و کەلوپەلی ئەمنییەتی لە سەقز زۆر بووە و لە هەندێ حاڵەتدا ئەم هێزانە بەشێوەی تەیارکراو لە ماڵی کەسانی سەر بە حکوومەت، باشگای وەرزشی و تەنانەت مزگەوتەکان جێگیر کراون. هەروەها هێزە خۆجێییەکانی ناسراو بە "جاش" کە لە ڕۆژانی سەرەتای ئاڵۆزییەکاندا، کەمتر دەردەکەوتن، جارێکی دیکە گەڕاونەتەوە بۆ نێو شارەکان. بە وتەی سەرچاوە خۆجێییەکان، هەندێ لەم هێزانە کە پێشتر شوناسی خۆیان دەشاردەوە، ئێستا بەشێوەی ئاشکرا بە ماشینی خۆیانەوە بە وێنەی موجتەبا خامنەیی و ئاڵای کۆماری ئیسلامییەوە لەنێو شاردا هاتوچۆ دەکەن.

هەر لەم ڕاستایەدا، ڕۆژی ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، ڤیدیۆیەک بەدەستی کوردپا گەیشتووە کە نیشاندەری مانۆڕی بەربڵاوی هێزەکانی حکوومەت لەنێو شاردایە.

 لەم ڤیدیۆیەدا، سەدان ماشینی پێکهاتوو لە ماشینی کەسی و ئینتیزامی، بە هەڵکردنی ئاڵای کۆماری ئیسلامی و بڵاوکردنەوەی سروودەکانی کاتی شەڕی ئێران و عێراق، لەنێو شاردا هاتوچۆ دەکەن و بە وتەی سەرچاوەکان، ئەم هەوڵە بە ئامانجی نیشاندانی هێز و دروستکردنی ترس لە نێوان هاووڵاتییاندا ئەنجام دراوە.

وێنە تایبەتەکان کە بەدەستی کوردپا گەیشتوون نیشانی دەدەن کە لەسەر هەندێ ماشینی هێزە ئینتیزامییەکان، کەلوپەلی تایبەت بۆ ناسینەوەی شەپۆلەکانی ئینتێرنێتی ماهوارەیی لەوانە ستارلینک دامەزراوە.