مەهاباد؛ بە دەسبەسەرکرانی هۆیار زەهابی، ژمارەی دەسبەسەرکراوانی ئەم شارە لە ماوەی یەک ڕۆژدا گەیشتە سێ کەس

04:57 - 3 خاکەلێوه 2726

ڕۆژی هەینی ٢٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، هۆیار زەهابی، لاوی کوردی خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەیی یاسایی ئەم لاوەیان دەسبەسەر کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم حاڵەتە، ژمارەی دەسبەسەرکراوانی شاری مەهاباد لە ماوەی یەک ڕۆژدا گەیشتە سێ کەس. هەتا ئێستا، هیچ زانیارییەکی ڕوون لەبارەی هۆکاری دەسبەسەرکران، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان و چارەنووسی ئەم کەسانە بڵاونەکراوەتەوە.