ئیسفەهان؛ دەسبەسەرکرانی دوو برای کوردی خەڵکی ئاودانان نیما هێمەتی و ماهان هێمەتی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، نیما هێمەتی و ماهان هێمەتی، دوو برای خەڵکی شاری ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام و دانیشتووی ئیسفەهان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە زیندانى ناوەندی ئیسفەهان گواستراونەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان ئۆتۆمبێلی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردەیان لە یەکێک لە شەقامەکانی ئیسفەهان ڕاگرتووە و بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەوانیان دەسبەسەر کردووە. ئەم دوو برایە دوای دەسبەسەرکران گواستراونەتەوە بۆ بەندی ئەمنییەتیی ئیدارەی ئیتلاعات لە زیندانى ناوەندی ئیسفەهان.
ماهان هێمەتی، تەمەن ١٧ ساڵە، قوتابیی پۆلی یازدەی بوارى فۆتۆگرافیکە و نیما هێمەتی، خوێندکاری ماستەری بەشی ئەتنۆموزیکۆلۆژیی لە زانکۆی ڕەشتە. ئەم دوو برایە کوڕەکانی دکتور ناسر هێمەتی، پزیشکی دەروونی، نووسەر، وەرگێڕ و چالاکی مەدەنیی خەڵکی ئاودانانن، کە پێشینەی چەندین جار دەسبەسەرکران و مەحکوومکرانی پێشووی بە هۆی چالاکیی مەدەنی هەیە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.