زیندانی مەهاباد؛ هێرشی گاردی تایبەت و تەقاندنی گازی فرمێسکڕێژ بەسەر ناڕەزایەتیی زیندانییان، دوو بریندار، کەمکردنەوەی جیرەی خواردن و داوای یارمەتی لەلایەن زیندانییانەوە
۱۳ی ڕەشەمەی ۱۴۰۴؛ لە ڕۆژانی دواییدا و هاوکات لەگەڵ پێکدادانی سەربازی نێوان ئیسرائیل–ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئامانجگرتنی یەکێک لە ناوەندەکانی بەسیجی سەر بە سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە نزیکی زیندانی مەهاباد، زیندانییانی ئەم زیندانە بەرامبەر بە مانەوەیان لە دۆخی جەنگی و مەترسیی لە سەر ژیانیان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە. ئەم ناڕەزایەتییانە بە هێرشی گاردی تایبەتی زیندان و تەقاندنی چەندجارەی گازی فرمێسکڕێژ وەڵام دراونەتەوە کە لە ئەنجامدا لانیکەم دوو زیندانی بریندار بوون. هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لە کەمکردنەوەی ژمارەی ژەمە خواردنەکان بۆ یەک ژەم لە ڕۆژدا و پچڕان یان سنووردارکردنی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان دەکەن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپا وتی: لە ڕۆژی دووشەممە ۱۲ی ڕەشەمەی ۱۴۰۴ و هاوکات لەگەڵ هێرش بۆ یەکێک لە ناوەندەکانی بەسیج لە نزیکی زیندان، زیندانییان چەند جارێک بەرامبەر بە دۆخی خۆیان و مەترسییەکانی سەرچاوەگرتوو لە هێرشەکان لە دەورووبەری زیندان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، بەڵام هەر جارێک بە دەستێوەردانی گاردی تایبەت و تەقاندنی گازی فرمێسکڕێژ ڕووبەڕوو بوونەتەوە کە بووەتە هۆی برینداربوونی دوو کەس. .
بەپێی وتەی ئەم سەرچاوەیە، زیندانییان لە ژێر فشاری توند دان و تا ئێستا چەند جارێک بەرەو ڕووی گازی فرمێسکڕێژ بوونەتەوە. جگە لەوەش، ژەمە خواردنەکان بۆ یەک ژەم لە ڕۆژدا کەم کراونەتەوە. بەهۆی هێرشە دووبارەکان بۆ ناوەندە سەربازییەکانی نزیکی زیندان، زیندانییان خۆیان لە مەترسییەکی جدی دەبینن و داوای یارمەتیی دەستبەجێیان کردووە. لە هەمان کاتدا، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان پچڕاون یان سنووردار کراون و خێزانەکانیان بەهۆی نیگەرانیی زۆرەوە چوونەتە بەر دەرگای زیندان.
بەرپرسانی بەندیخانە بە خێزانەکان ڕاگەیاندووە کە «دۆخی زیندانییان بە شێوەیەکی تایبەت پشکنین دەکرێت» و هەندێک زیندانی بە دانانی پابەند بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کراون یان بۆ مەرخەسی نێردراون، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ لە دەستپێکی هێرشەکان لە نزیکی زیندان، دۆخی گشتی زیندانییان هێشتا نادیارە.
بەپێی وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، لە ئێستادا نزیکەی ۳۵۰ زیندانی لە زیندانی مەهاباددا دەستبەسەرن کە لەو ژمارەیە، ۱۱۰ کەس زیندانی سیاسیین و هەموویان داوای چارەسەری دەستبەجیی و پاڵپشتی تایبەت دەکەن.