میاندواو؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی جەماڵ عەبدوڵڵاهی و بێهزاد عەبدی و ڕاگواستنیان بۆ شوێنێکی نادیار

00:17 - 23 رێبەندان 2725

٢٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ڕەشبگیریی هاووڵاتییانی خەڵكی کوردستان، دوو هاووڵاتیی خەڵکی میاندواد بە ناوەکانی "جەماڵ عەبدوڵڵاهی" و "بێهزاد عەبدی" دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

"سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، کاتژمێر ٣، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی جەماڵ عەبدوڵڵاهی و بێهزاد عەبدی و دەسبەسەریان کردن.

ئەم سەرچاوەیە وتیشی: هێزە ئەمنییەتییەکان هەروەها دەستیان بە سەر مۆبایلی ئەم دوو هاووڵاتییە و ئەندامانی بنەماڵەکەیاندا گرت.

جەماڵ عەبدوڵڵاهی ٤١ ساڵان، خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە و بێهزاد عەبدی تەمەن ٢٥ ساڵ خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم دوو هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکان ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەوە نەداوە.