چالووس؛ "یووسف بەخشی" لاوی کوردی تەمەن ٢٧ ساڵانی کوردی کرمانج، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ١٨ی بەفرانبارە کە بە فیشەکی جەنگی دڵی پێکرا و لە باوەشی براکەیدا گیانی سپارد

07:06 - 12 رێبەندان 2725

٨ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ "یووسف بەخشی" لاوی کوردی تەمەن ٢٧ ساڵانی خەڵکی قووچان سەر بە پارێزگای خوراسان و دانیشووی چالووس، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە چالووسە کە لە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ بە تەقەی فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە دڵی کوژرا.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی ناوبراو وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛  "یووسف بەخشی" لاوی کوردی تەمەن ٢٧ ساڵان، خەڵکی قووچان سەر بە پارێزگای خوراسان و دانیشووی چالووس بووە. ناوبراو شەوی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ و لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی چالووسدا دەوروبەری کاتژمێر ٩ی شەو، تەرمەکەی لەلایەن بنەماڵەکەیەوە لە شەقامدا دەدۆزرێتەوە؛ لەکاتێکدا کە خوێنی زۆری لێ چووە و دڵی بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکان کراوەتە ئامانج.

بنەماڵەکەی دەسبەجێ دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە بەڵام "یووسف بەخشی" تەنیا پێنج خولەک پاش گەیشتن بە نەخۆشخانە، لە باوەشی براکەیدا گیان دەسپێرێ. بنەماڵەکەی بۆ پێشگرتن لە ڕفاندنی تەرمەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، سەرەڕای کیشەی زۆر، تەرمەکەی لە نەخۆشخانە وەردەگرنەوە و ڕۆژی ٢٠ی بەفرانبار لە قووچان بە خاکی دەسپێرن.

"یووسف بەخشی" لە کاسبکارانی چالووس بووە و چەند ساڵێک بووە لەگەڵ بنەماڵەکەی نیشتەجێی ئەم شارە بووە. بنەماڵەکەی پاش قەتڵی حکوومەتیی کوڕەکەیان زۆر خەمگینن، دایکی تەنیا دەپاڕێتەوە کە هەرچی زووتر بچێتە لای کوڕەکەی چونکە توانای ئەم زامەی نییە و نزیکەکانی بەردەوام ئەم شێعرەی لێ دەبیستن کە دووپاتی دەکاتەوە: " یوسف گم گشته باز آید به کنعان، غم مخور"