مەشهەد؛ یەڵدا عەباسی، گۆرانیبێژ و ژەنیاری ناسراوی کورد، پاش سەفەر بۆ ئێران بە حوکمی پێوەندیدار بە ژن، ژیان، ئازادی دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی مەشهەد ڕاگوێزرا
٧ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ " یەڵدا عەباسی" هونەرمەندی ناوداری کوردی خوراسان و دانیشتووی ئاڵمان کە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی پاسپۆرتەکەی سەفەری ئێرانی کردبوو و سەردانی ناوەندە پێوەندیدارەکانی کردوو، دەسبەسەر کرا. بۆ ناوبراو لە ساڵی ١٤٠١دا و لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا، دۆسییەیەک کرایەوە و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو بە بێ بوونی خۆی مەحکووم کرابوو، لەکاتێکدا کە خۆی ئاگاداری دەرچوونی ئەم حوکمە نەبوو. یەڵدا عەباسی پاش دەسبەسەرکران سەرەتا بۆ کەڵانتەری و دواتر بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی وەکیلئابادی مەشهەد ڕاگوێزراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، یەڵدا عەباسی بۆ بۆ درێژکردنەوەی ماوەی پاسپۆرتەکەی سەردانی ناوەندە پێوەندیدارەکانی کردووە و لەوێ، بە بێ ئەوەی کە پێشتر ئاگاداری ئەم حوکمە بێت، زانیویەتی کە لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا و بە هۆی پشتگیریی خەڵک، دۆسییەسازیی بۆ کراوە. بەپێی ئە دۆسییەیە ناوبراو بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" لەلایەن دادسەرای ئێڤینەوە و لە نەبوونی خۆیدا حوکمی یەک ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە و ناوبراو پاش سەردانکردنی کەڵانتەری بۆ پاسپۆرتەکەی، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی بۆ بەندیخانەی وەکیلئابادی مەشهەد ڕاگوێزراوە.
یەڵدا عەباسی گۆرانیبێژ و ژەنیاری کوردی کرمانجی خەڵکی شیروان لە پارێزگای خوراسانە کە لە بنەماڵەیەکی هونەرمەند گەورە بووە؛ دایکی "فاتمە ئێسماعیلییان" بە ناوی هونەریی "گوڵچێهرە" و خوشکی باوکی "ماهـ بانوو عەباسی" لە کەسایەتییە دیارەکانی مۆسیقای خوراسانن. ناوبراو لە منداڵییەوە ئاوازی کرمانجی و لە ١١ ساڵەییەوە دووتار فێر بووە و دواتر لە ئێران و دەرەوەی ئێراندا درێژەی بە چالاکییەکانی داوە.
یەڵدا عەباسی دامەزرێنەری گرووپی مۆسیقای ژنانی "نازدار"ە و لەگەڵ ئەو گرووپە کاری زۆری کردووە. ناوبراو لە فێستیڤاڵەکانی مۆسیقای ئێران پلەی تەکنەوازیی بەدەست هێناوە و لە پرۆژەگەل و سەفەرگەلێکی نێودەوڵەتیدا لەوانە "ئارنا تور"ی گرووپی شیلر لە ئێران و ئاڵمان بەشداری کردووە.
یەڵدا عەباسی جگە لە چالاکیی هونەری، لە بوارەکانی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیش چالاکە، وەکوو باڵوێزی فەرهەنگیی "ڕێکخراوی نەما" و ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی هاوڕێیەتیی ئێران و ئیتالیا چالاکیی هەبووە و بە خوێندن لە میلان پێگەی خۆی لە بیاڤی پسپۆڕیی مۆسیقای ئورووپادا، بەتایبەت ئاڵمان قایم کردووە.