کەرەج؛ محەممەد سەیدی، لاوی کوردی تەمەن ۲۲ ساڵانی خەڵکی سەرپێڵ، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانبار تەنیا کوڕی بنەماڵە و سەرپەرستی دایک و خوشکەکانی
٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ "محەممەد سەیدی"، لاوی کوردی تەمەن ۲۲ ساڵانی خەڵکی سەرپێڵ سەر بە پارێزگای کرماشان و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانبار لە کەرەجە کە بە تەقەی فیشەکیی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە قوڕگی کوژراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "محەممەد سەیدی" شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کەرەج لە شەقامی "ئەهەری"، کرایە ئامانجی ڕاستەوخۆی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی و پاش دوو ڕۆژ مانەوە لە کۆما، لە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤دا گیانی لەدەست دا.
تەرمی ناوبراو ڕۆژی ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە سەرپیڵ بە خاک سپێردرا. بنەماڵەی ناوبراو بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی ناچار بە پێبژاردنی پارە کران.
"محەممەد سەیدی"، تەنیا کوڕی بنەماڵە و سەرپەرستی دایکە نەخۆشەکەی و سێ خوشکەکەی بووە و کرێکاریی کردووە.