بەندیخانەی قووچان؛ مەجید ئوغازی پاش ۴۷ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە ئازاد کرا

00:28 - 9 رەشەمه 2725

٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٤؛ "مەجید ئوغازی" هاووڵاتیی کوردی خەڵکی قووچان سەر بە پارێزگای خوراسان کە پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئەمنییەتییەکانەوە بۆ بەندیخانەی قوچان ڕاگوێزرابوو، پاش ٤٧ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "مەجید ئوغازی" لاوی کوردی کرمانجی خەڵکی "قووچان" لە ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤دا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. ناوبراو پاش کۆتاییهاتنی قۆناغی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی قووچان ڕاگوێزرا و پاش ٤٧ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی، لە ڕێکەوتی ٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٤دا بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو لە ماوەی ٤٧ ڕۆژ دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە. هەروەها پاش ڕاگوێزران بۆ بەندیخانەی قووچان، لە مافی چاوپێکەوتن و پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

"مەجید ئوغازی" ئەندازیاری کارەبایە و نوێنەری کامێرا و دامەزراندنیەتی. ناوبراو وەرزشوانە و کچێکی هەیە کە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا تەنیا ماوەتەوە و چاورەڕوانی گەڕانەوەی باوکی بووە.