بەندیخانەی مەشهەد؛ ٤٩ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی محەممەدئەمین مەفتووعی، مێرمنداڵی ١٦ ساڵان
٦ی ڕەشەمەی ۱۴۰۴؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤٩ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "محەممەدئەمین مەفتووعی" مێرمنداڵی ١٦ ساڵانی خەڵکی "قووچان" سەر بە پارێزگای خوراسان و لەو منداڵانەی کە لەژێر چاوەدێڕیی بێهزیستیدایە، ناوبراو پاش ماوەیەک لێپرسینەوە بۆ کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی مەشهەد ڕاگوێزراوە و هێشتا لە دۆخێکی ناڕووندا ڕاگیراوە. بۆ ئازادیی ناوبراو داوای ٥ میلیارد تمەن بارمتە کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "محەممەدئەمین مەفتووعی" لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤دا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. ناوبراو پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوە بۆ کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی مەشهەد ڕاگوێزرا و لەم ناوەندەدا ڕاگیراوە.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بۆ ئازادیی کاتی ئەم مێرمنداڵە بڕی ٥ میلیارد تمەن بارمتە دیاری کراوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەو جگە لە دایکێکی بەساڵاچوو، کەسی دیکی نییە کە توانایی دابینکردنی ئەم بڕە پارەیەی هەبێ. دایکی ناوبراو پێشتر بە هۆی نەبوونی توانایی لە سەرپەرستیی منداڵەکانیدا، ئەوانی بە بێهزیستی سپاردوون.
محەممەدئەمین مەفتووعی لە ماوەی ٤٩ ڕۆژ دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە. ئەم سەرچاوەیە وتیشی کە مۆبایلی ناوبراو بۆ ماوەیەک کوژاوەتەوە و پاش بەدواداچوونەکان دەرکەوتووە کە دەسبەسەر کراوە.