تاران؛ ئەحمەد تەمووئی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

18:16 - 6 رەشەمه 2725

٦ی ڕەشەمەی١٤٠٤؛ ئەحمەد تەمووئی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵكی شاری سەڵماس لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە تاران دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، ئەحمەد تەمووئی بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەم بەندکراوە سیاسییەی پێشوو وەکوو شۆفێری ئێسنەپ لە تاران کاری کردووە و هەتا کاتی بلاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان لە دژی ناوبراو زانیارییەک دەست نەکەوتووە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٠، ئەحمەد تەمووئی لە پازدەیەمین ساڵی حوکمەکەیدا لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە ٢ی خەزەڵوەری ١٣٨٦ لە شاری مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ ڕاگوێزرا.

ئەحمەد تەمووئی پاش چەند مانگ بەندکران لە ژووری تاکەکەسی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ و ئیتلاعاتی مەهاباد، بۆ بەندیخانەی مەهاباد ڕاگوێزرا و لە ڕێبەندانی ١٣٨٦دا لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تۆمەتی "موحاربە لە ڕێگەی ئەندامەتی لە "پارتی ژیانی ئازادی کوردستان" بە ١٥ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ ورمێ مەحکووم کرا.

حوکمی بەندکرانی ئەم بەندکراوە سیاسیە لە بانەمەڕی ١٣٨٧دا لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرایەوە و پاشان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ دوور خرایەوە.

٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ ئەم بەندکراوە سیاسییە لە لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێدا لە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بێتاوان ناسرا و لە دەقی دادنامەکەیدا هاتبوو کە "ئەحمەد تەمووئی لە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگەی گەیاندنی هەواڵ و ئاماری بەندیخانە بە میدیاکانی دەرەوە، بە هۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست بێتاوان ناسراوە و ناکرێ تەنیا بە هۆی شک و گومانی ئیتلاعاتەوە، مەحکووم بکرێ."