سنە؛ درێژکردنەوەی ماوەی دەسبەسەرکرانی سۆهراب بەهرامی، چالاکی مەدەنی
٤ی ڕەشەمەی ۱۴۰۴؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣٠ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "سۆهراب بەهرامی" چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی "سنە"، بڕیاری دەسبەسەرکرانی ناوبراو بۆ جاری دووهەم درێژ کراوەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، ناوبراو بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاردایە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "سۆهراب بەهرامی" چالاکی مەدەنیی ناسراوی خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٤دا بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا و هێشتا لەو شوێنە ڕاگیراوە. بڕیاری دەسبەسەرکرانی ناوبراویش بۆ دووەمین جار درێژ کراوەتەوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ناوبراو لەبەردەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکان لەمبارەوە ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.