بەندیخانەی بۆجنوورد؛ ٥١ ڕۆژ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی بێهرووز ئەیزانلوو، هاووڵاتیی ٣٩ ساڵانی کورد، وەرزشوان، کرێکار و کرێچی
٤ی ڕەشەمەی ۱۴۰۴؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٥١ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "بێهرووز ئەیزانلوو" هاووڵاتیی کوردی خەڵکی "بۆجنوورد" سەر بە پارێزگای خوراسان، ناوبراو پاش ڕاگوێزران لە گرتنگەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بۆ بەندیخانەی بۆجنوورد، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە و لە مافی ئازادیی کاتی بێبەری کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ "بێهرووز ئەیزانلوو" هاووڵاتیی ٣٩ ساڵانی کوردی کرمانجی خەڵکی "بۆجنوورد" لە ڕێکەوتی ١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤، کاتژمێر ١١ی شەو بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە و بە بەکارهێنانی شۆکێر و لێدان دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
ناوبراو پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوە باسی لە ڕاگواستنی خۆی بۆ بەندیخانەی بۆجنوورد کردووە و ئێستا چەند حەفتەیە بە بێ دیاریکردنی بارمتە و بەهرەمەندبوون لە مافی ئازادی کاتی، لەم بەندیخانەیەدا ڕاگیراوە.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە و تەنیا پێوەندییەکی سنوورداری لەگەڵ نزیکەکانی خۆی بووە. هەروەها تاکوو ئێستا هیچ وڵامێکی ڕوونی سەبارەت بە دۆخی دۆسییەکەی، ئەگەری ئازادیی کاتی یان دیاریکردنی بارمتە پێ نەدراوەتەوە و لە دۆخێکی ناڕووندایە.
بێهرووز ئەیزانلوو کرێکاری بیناسازییە، کرێچی و باوکی دوو منداڵە. ناوبراو هەروەها وەکوو وەرزشوان و هۆگری وەرزشیش ناسراوە.