شاباد؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی خانعەزیز ئیسماعیلی، ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی شاباد
ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، "خانعەزیز ئیسماعیلی" هاووڵاتیی کوردی خەڵكی شاباد و ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی شاباد، بەشێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایان بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: "خانعەزیز ئیسماعیلی" سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بە شوینێکی نادیار ڕاگوێزراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، مۆبایلی هەموو ئەندامانی بنەماڵەی ناوبراو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
ئەم شۆرایە بە ئاماژە بە نەخۆشیی پێشوو و پێویستیی ناوبراو بە چاوەدێریی بەردەوامی پزیشکی، نیگەرانیی خۆی سەبارەت بەم دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەیە ڕاگەیاندووە و بەرپرسایەتیی هەر چەشنە ڕووداوێک لە ئەستۆی ناوەندە بەرپرسیارەکانە و خوازیاری ئازادیی خێرای ناوبراو بووە.
لە درێژەی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە ئەم دەسبەسەرکرانە لەکاتێکدا بووە کە یەک مانگ پێشتر "عەبدوڵڵا ڕەزایی"، ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایان لە "هەرسین" بۆ ماوەی یەک مانگ دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و لە ماوەی ئەم ماوەیەدا گوشارەکان بۆ سەر چالاکانی سێنفیی مامۆستایان زیادی کردووە.