بەندیخانەی بۆجنوورد؛ ٤٥ ڕۆژ دەسبەسەرکران و ١٣ مانگ بەندکران بۆ سەیدکازم نەزەری، کادری کەڵانتەری ١٢ی بۆجنوورد
٣ی ڕەشەمەی ۱۴۰۴؛ "سەیدکازم نەزەری" هاووڵاتیی کوردی خەڵکی "بۆجنوورد" و لە کادرەکانی "کەلانتەری ١ی بۆجنوورد" پاش ئەوەی کە لە شەوی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤دا لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرەکان نەکەوت دەسبەسەر کرا و بە ١٣ مانگ بەندکرانی داسەپاوی بەسەردا سەپا و ئێستا لە بەندیخانەی بۆجنوورد ماوەی حوکمەکەی تێدەپەڕێنێ.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ شەوی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، هاوکات لەگەڵ بڕیاری سەرکوت و ئامادەباشیی بەربڵاوی هێزەکان، "سەیدکازم نەزەری" لە بەشداریکردن لە عەمەلیاتەکەدا خۆی بوارد و ماشینێکی "وەن"ی لەبەردەم کەڵانتەری ١٢ی بۆجنوورددا پارکی کرد و دەرگای کەڵانتەرییەکەی داخست تاکوو پێش بە هاتوچۆی هێزەکان بگرێ. ناوبراو پاش ئەم کارە چووەوە بۆ ماڵی خۆی بەڵام ڕۆژی دواتر واتە ١٩ی بەفرانبار لە کاتی ئامادەبوون لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە درێژەدا ناوبراو ١٣ مانگ بەندکرانی داسەپاوی بەسەردا سەپا و پاش پشتڕاستکرانەوەی حوکمەکەی بۆ بەندخانەی بۆجنوورد ڕاگوێزرا.
بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی و بەپێی بڕگەی ١٧٢ یاسای بنەڕەتی، پێڕاگەیشتن بە تاوانەکانی ئەندامانی هێزە چەکدارەکان لەوانە کادرەکانی هێزی ئینتیزامی کاری ڕێکخراوی دادوەریی هێزە چەکدارەکان و دادگای نیزامییە. لەم جۆرە دۆسییانەدا، هەڵسوکەوتی سەیدکازم نەزەری دەتوانێ لە چوارچێوەی یاسای سزاکانی تاوانەکانی هێزە چەکدارەکان لەژێر ناوگەلی "سەرپێچیکردن لە بڕیاری بەرپرس"، "خۆبواردن لە بەڕێوەبردنی ئەرک" یان "تێکدانی بەرپرسیارەتی" پێڕاگەیشتنی بۆ بکرێ کە بۆ ئەمەش سزای بەندکرانی داسەپاو دیاری کراوە . لێک جیاکردنەوەی یاسایی بوون یان نەبوونی بڕیاری دەرچوو بەپێی ڕەوتی یاسایی لە ئەستۆی ناوەندی دادوەرییە کە کاری پێڕاگەیشتنەکە دەکات.