لایین کەڵات/ خوراسان؛ ٢٩ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی سێ لاوی کورد بە ناوەکانی ئەحمەد نادرپوور، سدیق پەریزاد و ئەمیر ڕۆشندڵ
٣ی ڕەشەمەی ۱۴۰۴؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٩ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی سێ لاوی کوردی خەڵکی "لایین کەڵات" سەر بە پارێزگای خوراسان بە ناوەکانی "ئەحمەد نادرپوور"، "سدیق پەریزاد" و "ئەمیر ڕۆشندڵ"، هیچ زانیارییەکی ورد سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لەبەر دەستدا نییە و ئەمە نیگەرانیی بنەماڵەکانیانی بەدواوە بووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ "ئەحمەد نادرپوور"، "سدیق پەریزاد" و "ئەمیر ڕۆشندڵ"، سێ لاوی خەڵكی گوندی "لایین کەڵات" لە ڕێکەوتی ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، کاتژمێر ٦ی بەیانی بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کران و بۆ شوینێکی نادیار ڕاگوێزران و لەو کاتەوە زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لەبەر دەستدا نییە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم سێ لاوە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسە نزیکەکانی بێبەری کراون.
وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ:
سدیق پەریزاد، ئەمیر ڕۆشندڵ و ئەحمەد نادرپوور