ئیلام؛ دەسبەسەرکرانی دوو کەس، لەوانە مێرمنداڵێک لە ئاودانان و دەرەشار

22:46 - 4 رەشەمه 2725

٢ی ڕەشەمەی ۱۴۰۴؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ڕەشبگیریی هاووڵاتییانی کورد لە ئیلام، لە ماوەی ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٤دا دوو هاووڵاتیی دیکە لەوانە مێرمنداڵێک و لاوێکی کورد، لە شارەکانی "ئاودانان" و "دەرەشار" بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کران و سەرەڕای تێپەڕینی چەند ڕۆژ، هیچ زانیارییەک  سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا لەمبارەوە وتی: ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، "محەممەدڕەزا ئەسەدی" مێرمنداڵی خەڵکی "دەرەشار" و ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، "دانیال دانیالی" لاوی کوردی خەڵکی "ئاودانان" بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەری کراون.