کرماشان؛ ١٢ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی بروومەند ئەعزەمیپوور، مامۆستا، لێکۆڵەر و نووسەری بواری مێژوو
٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٢ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "بروومەند ئەعزەمیپوور" هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کرماشان، مامۆستا، لێکۆڵەر و نووسەری بواری مێژوو، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، "بروومەند ئەعزەمیپوور" ڕۆژی ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، لە کاتی چوون بۆ ئیدارەی پۆست بۆ وەرگرتنی کتێب، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
پاش دەسبەسەرکرانی ناوبراو، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ مۆڵەتی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و پشکنیویانە و هەندێ کەلوپەلی تاکەکەسیی وەکوو کتێبەکان، دەستنووسەکان، مۆبایل و لەپتابەکەشیان بردووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکاری دەسبەسەەکرانی ناوبراو ڕانەگەیەندراوە و لەو ماوەیەشدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.
بروومەند ئەعزەمیپوور بڕوانامەی "دوکترای ئێرانی دەورەی ئیسلامی" هەیە. لە ئاسەوارە ناسراوەکانی دەکرێ ئاماژە بە کتێبی " پایتخت فراموششده قوم کُرد؛ نگاهی سیاسی، اجتماعی و فرهنگی شهر باستانی دینور (آغاز تا سقوط بغداد)" بکرێ کە لە ساڵی ١٣٩٤دا وەکوو کتێبی ساڵ هەڵبژێردرا.