ئێسفەهان؛ حوسێن شێرکۆڵ، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ٤٣ ساڵانی خەڵکی دێهلوڕان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانبار

06:41 - 12 رێبەندان 2725

٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ "حوسێن شێرکۆڵ"، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ٤٣ ساڵانی خەڵکی دێهلوڕان سەر بە پارێزگای ئیلام و دانیشتووی ئێسفەهان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانبار لەم شارەیە کە بە فیشەکیی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ بنەماڵەی "حوسێن شێرکۆڵ"، پاش پێنج ڕۆژ بەدواداچوون و گوشاری ناوەندی ئەمنییەتییەکان، توانییان تەرمی کوڕەکەیان وەربگرنەوە و ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە زێدی خۆی لە گوندێكی دێهلوڕان بە خاکی بسپێرن.

"حوسێن شێرکۆڵ"، خێزاندار و باوکیی دوو منداڵی بچووک بوو.