کرماشان؛ حەسەن فەلاحی، لاوی کوردی یارسان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ١٩ی بەفرانبار
٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ "حەسەن فەلاحی" لاوی کوردی یارسان و خەڵکی کرماشان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ١٩ی بەفرانبار لەم شارەیە کە بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە وتی؛ "حەسەن فەلاحی" شەوی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کرماشاندا، لە گەڕەکی ئێلاهییە لە پشتەوە بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کراوەتە ئامانج و کوژراوە.
بە وتەی سەرچاوە خۆجێیەکان، هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنی ناشتنی تەرمی حەسەن فەلاحییان لە کرماشاندا نەداوە و بنەماڵەکەی ناچار کراون کە لە گوندەکەی خۆیان، "سرائیلان توهخاکی"(ناوچەی خشکرود) سەر بە شاری کرماشان بە خاکی بسپێرن.
ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەم لاوە لە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤دا بەڕێوە چووە و سەرەڕای کەشی توندی ئەمنییەتی، ژمارەی بەشداران لە ڕێوڕەسمەکە دروشمی دژە حکوومەتییان وتووەتەوە.
هێشتا بۆ کوردپا ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی پارەیەک لە بنەماڵەکەی وەرگیرابێ یان ناچار بە واژۆی بەڵێننامەی نووسراو کرابێتن؛ بەم حاڵەوە پێشتر چەند سەرچاوەیەک بە کوردپایان وتبوو کە ناوەندە حکوومەتییەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی گیانلەدەستداوانی کرماشان، بڕە پارەیەک لە نێوان ٧٠٠ میلیۆن هەتا یەک میلیارد تمەنیان لە بنەماڵەکان داوا کردبوو و بنەماڵەکان بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکان ناچار بە پێبژاردنی ئەم بڕە پارەیە کرابوون.