تاران؛ ڕەزا ڕۆستەمی، لاوی تەمەن ۲۰ ساڵانی خەڵکی ئیلام، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ١٨ی بەفرانبار
04:16 - 4 رێبەندان 2725
٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ "ڕەزا ڕۆستەمی" هاووڵاتیی تەمەن ٢٠ ساڵانی خەڵکی "سیروان" سەر بە پارێزگای ئیلام، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی تارانە کە بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە وتی؛ "ڕەزا ڕۆستەمی" هاووڵاتیی تەمەن ٢٠ ساڵانی خەڵکی "سیروان" سەر بە پارێزگای ئیلام، شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی تاراندا، بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کراوەتە ئامانج و کوژراوە.
هێشتا بۆ کوردپا ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا تەرمەکەی ڕادەست کراوەتەوە یان نا و هەروەها ڕوون نییە کە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی پارەیەک لە بنەماڵەکەی وەرگیرابێ یان ناچار بە واژۆی بەڵێننامەی نووسراو کرابێتن.