مەشهەد؛ "حوسێنعەلی نەورۆزی ساملە"، هاووڵاتیی تەمەن ٥٤ ساڵانی کوردی خەڵکی کرماشان، لە کوژراوانی مەشهەد
٢ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ "حوسێنعەلی نەورۆزی ساملە"، هاووڵاتیی تەمەن ٥٤ ساڵانی کوردی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی مەشهەد، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی مەشهەدە کە بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە و تەرمەکەی بە بێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی بە خاک سپێردراوە. نزیکانی ئەم کەسە باسیان لە بەخاکسپاردنی نهێنیی و بە بێ ئاگاداریی بنەماڵەی ٤٠٠ کەس لە مەشهەد لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا کە لەگەڵ یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەم گیانلەدەستداوە وتوێژی کردووە، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "حوسێنعەلی نەورۆزی ساملە"، هاووڵاتیی تەمەن ٥٤ ساڵی کوردی خەڵكی کرماشان و دانیشتووی مەشهەد کە بە وردی دیار نییە لە چ ڕێکەوتێکدا کوژراوە، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە هاوکات لەگەڵ کوشتاری خەڵک لە ڕۆژەکانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤دا بووە، لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵكی مەشهەد بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کراوەتە ئامانج و گیانی لەدەست داوە.
بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە بنەماڵەی "نەورۆزی ساملە"، پاش ماوەیەک بێ ئاگابوون لە چارەنووسی ناوبراو، بەو ئاکامە دەگەن کە "حوسێنعەلی نەورۆزی ساملە"، لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژراوە. کاتێ کە بنەماڵەکە بۆ وەرگرتنی تەرمی ناوبراو سەردانی ناوەندی پوەندیدار دەکەن، تەنیا گۆڕەکەیان پێ نیشان دەدرێ و دەوترێت کە لەم شوێنە نێژراوە.
بە وتەی بنەماڵە، هێزە سەرکوتکەرەکان و ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە بێ ئاگاداری و ڕەزامەندیی بنەماڵەکە، تەرمی ناوبراویان بەخاک سپاردووە و نزیکەکانی دەڵێن، "حوسێنعەلی نەورۆزی ساملە"، لەگەڵ نزیکەی ٤٠٠ کەسی دیکە" بەشێوەی نهێنی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە نێژراون.
وێنەیەک لەم پێوەندییەدا بەدەستی کوردپا گەیشتووە کە بڕگەی پێوەندیدار بە گۆڕی "حوسێنعەلی نەورۆزی ساملە"، نیشان دەدات. لەسەر مەزارەکەی هەندێ زانیاری وەک "حوسێنعەلی نەورۆزی ١"، بلووکی ٤٨" و "ڕیزی ١٨، گۆڕی ٤٨" تۆمار کراوە.
بنەماڵەکەی هەروەها سەرنجی ماڵپەڕی فەرمیی مردووەکانی مەشهەدیان داوە بەڵام زانیویانە کە ناوی هیچکام لە گیانلەدەستداوانی تێدا تۆمار نەکراوە.
"حوسێنعەلی نەورۆزی ساملە"، هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان، لەدایکبووی ٢ی بانەمەڕی ١٣٥٠ و دانیشتووی مەشهەد بووە. ناوبراو وەکوو کرێکار لە هۆتێلێکی ئەم شارەدا کاری کردووە.
کوردپا بەشێوەی سەربەخۆ ناتوانێ هەواڵی کوژرانی "٤٠٠ کەس" پشتڕاست بکاتەوە، بەڵام لە ڕاستای لێکۆڵینەوە و دڵنیابوونەوە لە ڕێژەی کوشتارەکەی مەشهەد، ئەم زانیارییەی وەکوو زانیاریی سەرەتایی لەبەر دەستدایە و کاری لەسەر دەکات.