گێڕانەوەی شایەتحاڵێک لە ڕێوڕەسمی پرسەی "گوڵاڵە مەحموودیئازەر" خوێندکاری ٣١ ساڵان
۲۹ی بەفرانباری ۱۴۰۴؛ بە وتەی شایەتحاڵێک لە ڕێوڕەسمی پرسەی گوڵاڵە مەحموودیئازەر لە ماڵی باوکیدا، تەرمەکەی بە ٧٠٠ میلیۆن تمەن ڕادەست کراوەو هێزە ئەمنییەتییاکان و سپا هەر لەو کیسە ڕەشانەدا خۆیان تەرمی گوڵاڵەیان بە خاک سپاردووە و تەنیا ئیزنیان بە بنەماڵەکەی داوە کە بۆ ماوەی ٣ خولەک بیبینن. ئیزنی "کفن و دفن"، بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوی کۆچی دوایی و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی پرسە بە بنەماڵەکە نەدراوە و هێزەکانی سپای یگان تایبەت بە ماشین و چەکەوە لە بەردەم ماڵی باوکی گوڵاڵە جێگیر کراون و تاکوو ئێستا چەند کەسیشیان دەسبەسەر کردووە. هەروەها تەرمی دوو گیانلەدەستداوی دیکەی مەهابادیش تاکوو ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوە و بەهۆی نەبوونی توانایی بۆ دانی ٢٥٠ میلیۆن تمەن بۆ هەر فیشەک، بنەماڵەکان بۆ تۆمارکردنی ناوی منداڵەکانیان لە بونیاد شەهیدی حکوومەتی لەژێر گوشاردان.
ئەم شایەتحاڵە سەبارەت بە شێوەی ڕادەستکردنەوەی تەرمەکە و بەخاکسپاردنی وتی؛ بۆ وەرگرتنەوەکەی تەرمی گوڵاڵە مەحموودیئازەر بڕی ٧٠٠ میلیۆن تمەن پارە لە بنەماڵەکەی وەرگیراوە و یەکێک لە کەسە نزیکەکانی لە ڕێوڕەسمی پرسەکەیدا وتوویەتی کە بۆ هەر فیشەکێک ٢٥٠ میلیۆن تمەن پاە داوا کراوە. هەروەها هێزە ئەمنییەتییەکان و هێزەکانی سپا ئیزنیان نەداوە کە بنەماڵەکە خۆیان تەرمی کچەکەیان بشۆن و ڕێوڕەسمی "کفن و دفن"ی بۆ بەڕێوە بەرن و تەرمەکەی هەر بە هەمان کیسەی ڕەشەوە لەلایەن خودی هێزەکانەوە بە خاک سپێردراوە و تەنیا کەسانی زۆر نزیکی ئیزنیان هەبووە کە بۆ ماوەی ٣ خولەک ڕوخساری ببینن.
ئەم شایەتحاڵە سەبارەت بە پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشی دەڵێ؛ هێزە ئەمنییەتییەکان و هێزەکانی سپا ئیزنیان نەداوە بۆ "گوڵاڵە" ڕاگەیەندراوی کۆچی دوایی ئامادە و بڵاو بکرێتەوە تاکوو کەس لە ڕێوڕەسمی پرسەکەیدا بەشداری نەکا. هاوکات لە بەردەم ماڵی باوکی ئەم کچەدا لە مەهاباد، هێزەکانی سپا بە جلوبەرگی ڕەشەوە کە لە هێزەکانی یگانی تایبەت بوون(بە پێچەوانەی ڕابردوو کە زۆرینەی هێزە لیباس شەخسییەکان ئامادە دەبوون) بە ماشین و چەکی جەنگییەوە جێگیر کرابوون و هەموو شتێک و هەموو کەسێکیان خستبوە ژێر چاوەدێرییەوە تاکوو کەشی ترس و سەرکوت چەند قات بکەنەوە و پێش بە بەشداریی خەڵک بگرن. هەر لەم ڕێوڕەسمەدا چەند کەس دەسبەسەر کراون کە شوناسیان بۆ کوردپا ڕوون نەبووەتەوە.
پێویستە بوترێ کە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوی کۆچی دوایی و بەشداریی خەڵكی شارێک لە ڕێوڕەسمی پرسە، چ بگات بە ئاشنایان و خزمان، لە کوردستاندا شتێکی باوە و بەتایبەت کە قەتڵێکی حکوومەتێکی ڕوو دەدا، خەڵک بەشێوەی بەربڵاو لە ڕێوڕەسمی پرسەکەدا بەشداری دەکەن؛ کارێک کە ئەمجارە هێزەکانی سپا و هێزە ئەمنییەتییەکان بە تەواوەتی پێشیان پێ گرتووە.
کوردپا پێشتر ڕاپۆرتی دابوو کە تەرمی "گوڵاڵە مەحموودیئازەر" لە ڕێکەوتی ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە کەشێکی تەواو ئەمنییەتیدا و بە بەشداریی بەربڵاوی هێزە سەرکوتکەرەکان لە مەهاباد بە خاک سپێردراوە. کەشی سەرکوت بە جۆرێ بووە کە تەنانەت ئیمکانی وتنی ئەوەی کە بۆچی و چۆن ئەم کچە گیانی لەدەست داوە نەبووە. گوشار بۆ سەر بنەماڵە و قووڵیی خەمەکە لە ئاستێکدا بووە کە دایکی "گوڵاڵە" بەردەوام گازی لە دەستەکانی خۆی گرتووە.
ئەم شایەتحاڵە هەروەها باسی لە دوو گیانلەدەستداوی دیکەی خەڵکی مەهاباد (دوو پیاو) کە لە تاران کوژراون کردووە کە هێشتا تەرمەکانیان بە هۆی نەبوونی توانای ماڵیی بنەماڵەکانیان ڕادەست نەکراوەتەوە. ماڵی ئەم دوو کەسە لە گەڕەکی "باخی شایگان"ی مەهابادە و کەسانێک کە ویستوویانە لە ڕێوڕەسمی پرسەکەیاندا بەشداری بکەن لەگەڵ دەرگای داخراو و نەبوونی بنەماڵەکانیان لە ماڵەوە بەرەوڕوو بوونەتەوە.
تاکوو ئێستا بۆ کوردپا ڕوون نەبووەتەوە کە ئەم گیانلەدەستداوانە لە ١٨ یان ١٩ی بەفرانباردا کوژراون. کوردپا لە ڕۆژی ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٤دا کوژرانی سێ هاووڵاتیی خەڵكی مەهابادی ڕاگەیاند کە "گوڵاڵە مەحموودیئازەر" خوێندکار و دوو کەسی تریان لە بنەماڵەکانی "ئەیازی" و "دیبوکری" بوون.
ئەم شایەتحاڵە سەبارەت بە گوشاری زۆر بۆ سەر بنەماڵەکان بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکان دەڵێ؛ گوشار بۆ سەر بنەماڵەکان زۆرە و جیا لە وەرگرتنی پارە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکان، حکوومەت بە زۆر و بە بێ ڕەزامەندیی بنەماڵەکان، لەژێر سێبەری سەرکوت و هەڕەشەدا ناچاریان دەکات کە منداڵەکانیان وەک "شەهیدی حکوومەتی" تۆمار بکەن. تەرمەکان بە بارمتە گیراون و تا کاتێ کە فۆرمی "بونیاد شەهید" واژۆ نەکرێت، تەرمەکان ڕادەست ناکرێنەوە. بەم هۆیەوە ڕوون نییە کە چەند بنەماڵە ناچار بە واژۆ و بەڵێندان کراون یان حکوومەت تا چ ئاستێک بە بێ ڕەزامەندیی بنەماڵەکان ئەم حاڵەتانەی تۆمار کردوون.
ئەم شایەتحاڵە لە کۆتاییدا سەبارەت بە دۆخی مەهاباد پاش ئەم سەرکوتە خوێناوییە و قەتڵە حکوومەتییەکان دەڵێ؛ لە کەشی کوشتاری بێبەزەییانەی خەڵک و گوشاری زۆری ئابووریدا، ئەگەر پێشتر جارجار هەواڵی خۆکوژی لە مەهاباد بڵاو دەکرایەوە، لەم ماوەیەدا هەواڵێک نابیسترێ، بەڵام گوشاری بژێو زیادی کردووە؛ بەجۆرێک کە نرخی شانەیەک هێڵکە گەیشتووەتە ٥٠٠ هەزار تمەن و نان بە کەمی دەست دەکەوێت.
ئامادەکردن؛ ئەوین مستەفازادە