کرماشان؛ محەممەدمێهدی بەدری، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ١٨ی بەفرانبار
۳۰ی بەفرانباری ۱۴۰۴؛ "محەممەدمێهدی بەدری" لاوی کوردی خەڵکی کرماشان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ١٨ی بەفرانبار لە کرماشانە، کە بە فیشەکی شەڕکەری هێزەکانی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت: "محەممەدمێهدی بەدری" کوڕی مەحموود، شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵكی کرماشاندا، لە "بلواری تاقەوسان"ی ئەم شارە، بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کراوەتە ئامانج و گیانی لەدەست داوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆچی دواییەکەی، تەرمی ناوبراو ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە گۆڕستانی "باغ فردەوس" بە خاک سپێردراوە. بۆ کوردپا ڕوون نەبووەتەوە کە تەرمەکەی لە چ دۆخێکی ئەمنییەتیدا و ئایا بە وەرگرتنی پارە یان بەڵێیننامەی نووسراو ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە یان نا.