ئیلام؛ ئارمین دادفەر، لاوی تەمەن ٢١ ساڵانی کورد، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانبار لە ئیلام
٢ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ " ئارمین دادفەر" لاوی تەمەن ٢١ ساڵانی کوردی خەڵکی ئیلام، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانبار لە ئیلامە کە بە فیشەکی جەنگیی هێزەکانی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "ئارمین دادفەر" لاوی تەمەن ٢١ ساڵانی خەڵکی شاری "بەدرە"، شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئیلام بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کراوەتە ئامانج و گیانی لەدەست داوە.
ئارمین دادفەر، کوڕی "موختار" خەڵکی گوندی "سەرتەنگ" سەر بە شاری "بەدرە" لە پارێزگای ئیلام بووە.
هێشتا بۆ کوردپا ڕوون نەبووەتەوە کە بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی ئەم لاوە پارە یان بەڵێیننامەی نووسراو لە بنەماڵەکەی وەرگیراوە یان نا؛ هەروەها ڕوون نییە تەرمی ئەم لاوە بەخاک سپێرداوە یان نا.