ئابادان؛ سەعید تەروەند، لاوی کوردی ئیلامی و پەیمانکار لە کۆمپانیای نەوتی ئابادان، لە کوژراوان بە فیشەکی جەنگی لە ١٨ی بەفرانبار

06:32 - 3 رێبەندان 2725

۳۰ی بەفرانباری ۱۴۰۴؛ سەعید تەروەند، لاوی تەمەن ٣٣ ساڵانی کوردی خەڵكی "مێهران" سەر بە پارێزگای ئیلام و پەیمانکار لە کۆمپانیای نەوتی ئابادان، شوناسی یەکێکی دیکە لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانبار بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "سەعید تەروەند"، لاوی تەمەن ٣٣ ساڵانی کوردی خەڵكی "مێهران" سەر بە پارێزگای ئیلام و پەیمانکار لە کۆمپانیای نەوتی ئابادان، لە ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانباری خەڵكی ئابادان، بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کراوەتە ئامانج و گیانی لەدەست داوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی ئەم گیانلەدەستداوە پاش ٥ ڕۆژ هەڕەشە و بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو، توانیویانە تەرمەکەی وەربگرنەوە و ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٤، تەرمی "سەعید تەروەند" لە زێدی خۆی، گوندی "چالاب" سەر بە شاری "مێهران" بەخاک سپێردرا.

"سەعید تەروەند" تەمەن ٣٣ ساڵان، بە ڕەچەڵەک خەڵكی گوندی "چالاب" سەر بە شاری "مێهران" لە پارێزگای ئیلام و دانیشتووی ئابادان بووە. ناوبراو وەکوو پەیمانکار لە کۆمپانیای نەوت لە ئابادان خەریکی کار بووە و خێزاندار بووە و منداڵیکی بچووکی هەیە.