کرماشان؛ مۆهەنا دۆکووشکانی، لاوی ١٨ ساڵانی کورد، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ١٨ی بەفرانبار لە کرماشان
یەکی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ "مۆهەنا دۆکووشکانی" لاوی تەمەن ١٨ ساڵانی خەڵکی کرماشان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ١٨ی بەفرانبار لە کرماشانە کە بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "مۆهەنا دۆکووشکانی" لاوی تەمەن ١٨ ساڵانی خەڵکی کرماشان، شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کرماشان لە "گەڕەکی سەعدی"ی ئەم شارە بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کراوەتە ئامانج و گیانی لەدەست داوە.
تەرمی ئەم لاوە کوردە ڕۆژی هەینی ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە گۆڕستانی "باغی فردەوس"ی کرماشان بە خاک سپێردراوە.
هێشتا بۆ کوردپا ڕوون نەبووەتەوە کە تەرمەکەی لە چ دۆخێکی ئەمنییەتیدا و ئایا بە وەرگرتنی پارە یان بەڵێیننامەی نووسراو ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە یان نا، بەڵام بەم حاڵەوە پێشتر چەند سەرچاوەیەک بە کوردپایان وتبوو کە ناوەندە حکوومەتییەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمەکەی پارەیەک لە نێوان ٧٠٠ میلیۆن هەتا یەک میلیاردیان لە بنەماڵەکەی داوا کردووە و بنەماڵەکەی ناچار بە پێبژاردنی ئەم بڕە پارەیە کراون.