کرماشان؛ ئەمین سەلامی، لاوی کورد شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ١٨ی بەفرانبار
یەکی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ ئەمین سەلامی، لاوی کوردی خەڵکی کرماشان شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ١٨ی بەفرانبار لە کرماشانە کە بە فیشەکی شەڕکەری هێزەکانی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە کوردپا گەیشتوون، ئەمین سەلامی شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کرماشان لە "گەڕەکی ئێلاهییە" بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کراوەتە ئامانج و گیانی لەدەست داوە.
ئەمین سەلامی خاوەنی فرۆشگای "جلوبەرگ و جانتا" لە شەقامی "بەرق" لە گەڕەکی "ئێلاهییە" بووە.
هێشتا بۆ کوردپا ڕوون نەبووەتەوە کە تەرمەکەی لە چ دۆخێکی ئەمنییەتیدا و ئایا بە وەرگرتنی پارە یان بەڵێیننامەی نووسراو ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە یان نا، بەڵام بەم حاڵەوە پێشتر چەند سەرچاوەیەک بە کوردپایان وتبوو کە ناوەندە حکوومەتییەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمەکەی پارەیەک لە نێوان ٧٠٠ میلیۆن هەتا یەک میلیاردیان لە بنەماڵەکەی داوا کردووە و بنەماڵەکەی ناچار بە پێبژاردنی ئەم بڕە پارەیە کراون.