کرماشان؛ مەیسەم کۆرانیان، لاوی کوردی کەلهوڕ، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ١٨ی بەفرانبار

06:16 - 3 رێبەندان 2725

یەکی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ "مەیسەم کۆرانیان" لاوی کوردی کەلهوڕ، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ١٨ی بەفرانبار لە کرماشانە کە بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە کوردپا گەیشتوون، "مەیسەم کۆرانیان" کاتژمێر ٨ی شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کرماشان لە "بلواری تاقوەسان" بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کراوەتە ئامانج و گیانی لەدەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان لەم لاوە کوردە بە ڕەچەڵەک خەڵکی گوندی "کۆرانی" سەر بە کرماشان بووە. ناوبراو تەنیا سێ ڕۆژ بووە کە ژنی مارە کردووە.

هێشتا بۆ کوردپا ڕوون نەبووەتەوە کە تەرمەکەی لە چ دۆخێکی ئەمنییەتیدا و ئایا بە وەرگرتنی پارە یان بەڵێیننامەی نووسراو ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە یان نا، بەڵام بەم حاڵەوە پێشتر چەند سەرچاوەیەک بە کوردپایان وتبوو کە ناوەندە حکوومەتییەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمەکەی پارەیەک لە نێوان ٧٠٠ میلیۆن هەتا یەک میلیاردیان لە بنەماڵەکەی داوا کردووە و بنەماڵەکەی ناچار بە پێبژاردنی ئەم بڕە پارەیە کراون.