تاران؛ مەسعوود سادقی، لاوی کوردی خەڵکی سەرپێڵ، شوناسی یەکێک لە کوژراوانی ١٩ی بەفرانبار
یەکی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ مەسعوود سادقی، لاوی تەمەن ٣٧ ساڵانی کوردی خەڵکی سەرپێڵ سەر بە پارێزگای کرماشان، شوناسی یەکێک لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ١٩ی بەفرانبار لە تارانە بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە وتی: مەسعوود سادقی شەوی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی تاران بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.
تەرمی ئەم هاووڵاتییە پاش یەک حەفتە بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لە تاران ناسرایەوە و وەرگیرایەوە.
بڕیارە تەرمی ئەم لاوە کوردە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕێبەندان لە گۆڕستانی "کوسەهای پاتاق" سەر بە شاری سەرپیڵ بە خاک بسپێردرێ.
هێشتا بۆ کوردپا ڕوون نەبووەتەوە کە تەرمەکەی لە چ دۆخێکی ئەمنییەتیدا و ئایا بە وەرگرتنی پارە یان بەڵێیننامەی نووسراو ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە یان نا، بەڵام بەم حاڵەوە پێشتر چەند سەرچاوەیەک بە کوردپایان وتبوو کە ناوەندە حکوومەتییەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمەکەی پارەیەک لە نێوان ٧٠٠ میلیۆن هەتا یەک میلیاردیان لە بنەماڵەکەی داوا کردووە و بنەماڵەکەی ناچار بە پێبژاردنی ئەم بڕە پارەیە کراون.