تاران؛ میلاد ئەتمانی، لاوی کوردی خەڵکی سەڵماس، شوناسی یەکێک لە کوژراوانی ١٨ی بەفرانبار

05:55 - 3 رێبەندان 2725

یەکی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ میلاد ئەتمانی، لاوی کوردی خەڵکی سەڵماس، شوناسی یەکێک لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ١٨ی بەفرانبار لە تارانە کە تەرمەکەی پاش ١٢ ڕۆژ و دوای بریندارکران و دەسبەسەرکرانی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە کوردپا گەیشتوون، میلاد ئەتمانی شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی تاران، پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە بریندار بووە، دەسبەسەر کراوە. سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، هەتا ٣٠ بەفرانباری ١٤٠٤، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەر دەستدا نەبووە.

لە کۆتاییدا لە ٣٠ی بەفرانباری ١٤٠٤، بنەماڵەی میلاد ئەتمانی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بانگی تاران کراون و تەرمەکەیان بە بێ هیچ ڕوونکردنەوەی ڕادەست کراوەتەوە.

هێشتا بۆ کوردپا ڕوون نەبووەتەوە کە میلاد ئەتمانی بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە لە ئاکامی تەقەکردنەکەدا گیانی لەدەست داوە یان ئەوەی کە پاش دەسبەسەرکران، ئەشکەنجە دراوە و گیانی لەدەست داوە.

میلاد ئەتمانی لەگەڵ "دیار پوورچەهریق" هاووڵاتیی تەمەن ٣٢ ساڵانی خەڵکی گوندی "پتەوێر" سەر بە شاری سەڵماس، لە ناوچەی پوونەکی تاران کراونەتە ئامانجی تەقەی هیزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی. "دیار پوورچەهریق" لە هەمان شوێندا دەسبەجێ گیانی لەدەست داوە و هەتا ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانباری ١٤٠٤ هیچ زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە چارەنووسی میلاد ئەتمانی پاش برینداربوون و دەسبەسەرکرانی لەبەر دەستدا نەبوو.

میلاد ئەتمانی بە ڕەچەڵەک خەڵکی گوندی "حەق وەران" سە بە سەڵماس بووە و تەرمەکەی پاش ڕادەستکردنەوە، لەلایەن بنەماڵەکەیەوە لەم گوندە بە خاک سپێرداوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕاپۆرتی قەتڵی حکوومەتیی "دیار پوورچەهریق" پێشتر لەلایەن کوردپاوە بڵاو کراوەتەوە.