کرماشان؛ سامان فەتاحی، لاوی کوردی یارسان و قارەمانی تێکواندۆ، یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ١٩ی بەفرانبار بە فیشەکی جەنگی
۲۸ی بەفرانباری ۱۴۰۴؛ " سامان فەتاحی" لاوی کوردی یارسان و قارەمانی تێکواندۆ یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ـە کە بە فیشەکی جەنگیی هیزەکانی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.
زانیارییەکی کەم لەم لاوە لەبەر دەستدایە؛ بەم حاڵەوە ڕاگەیەندراوی کۆچی دواییەکەی کە بۆ کوردپا پشتڕاست کراوەتەوە نیشانی دەدات کە ناوی باوکی عەلییە و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسانە، لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "قارەمان و براوەی میداڵی تێکواندۆی وڵات، ئەندامی تیمی میللیی تێکواندۆ."
هەروەها لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاری و پرسەی ناوبراو لە گۆڕستانی "رقە سراب تیران" لە کوزران و لە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباردا بەڕێوە چووە.
هێشتا بۆ کوردپا ڕوون نەبووەتەوە کە بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی ئەو لاوە پارە لە بنەماڵەکەی وەرگیراوە یان نا؛ بەم حاڵەوە پێشتر سەرچاوەگەلێک بە کوردپایان وتبوو کە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی گیانلەدەستداوانی کرماشان، پارەیەک لە نێوان ٧٠٠ میلیۆن تمەن هەتا ١ میلیارد تمەن لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە وەرگیراوە و بنەماڵەکان بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکان ناچار بە دانی پارە کراون.