سنە؛ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی شەهرزاد ڕەزایی، عەتیە گوڵچینی و مەرزیە مورادوەیسی

02:05 - 1 رێبەندان 2725

٢٨ی بەفرانباری ١٤٠٤؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی سێ چالاکی مەدەنی و مافی ژنانی خەڵکی سنە بە ناوەکانی "شەهرزاد ڕەزایی"، "عەتیە گوڵچینی" و "مەرزیە مورادوەیسی" سەبارەت بە شوێنی ڕاگیرانیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، "عەتیە گوڵچینی" و "مەرزیە مورادوەیسی" زیاتر لە ١٠ ڕۆژە (بە ئەگەری زۆرەوە ١٧ یان ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤)، و "شەهرزاد ڕەزایی" دوو ڕۆژ پاش ئەوان، بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو؛ و هەروەها سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

پێویستە بوترێ کە "مەرزیە مورادوەیسی" چالاکی مافی ژنان و مامۆستای دەرکراو، پێشینەی دەسبەسەرکران و حوکمدرانی زۆر هەیە. هەروەها "عەتیە گوڵچینی" لە دایکانی مافخواز و چالاکی مافی ژنانە. "شەهرزاد ڕەزایی"یش چالاکی مافەکانی ژنان و چالاکی مەدەنییە. ئەم سێ چالاکە ژنە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیشدا دەسبەسەر کرابوو.

پێشینەی دەسبەسەرکران و مەحکوومکرانی مەرزیە مورادوەیسی، چالاکی مەدەنی و بواری ژنان؛

٤ی بانەمەڕی ١٤٠٠، مەرزیە مورادوەیسی، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێ نادیار ڕاگوێزراوە.

١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٠، ناوبراو لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" موحاکمە کرا و بە "هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" تۆمەتبار کرا.

بانەمەڕی ١٤٠١ بە دوو ساڵ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کرا.

یەکی خەرمانانی ١٤٠٤، لەلایەن لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنەوە بە پێنج مانگ بەندکرانی داسەپاو و چوار ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی چوار ساڵ سزا درا.

٩ی خەرمانانی ١٤٠١ ئەم چالاکەی بواری ژنان پاش بانگکران بۆ جێبەجێکاری سزاکانی دادگای ئینقلابی سنە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی ئەم شارە ڕاگوێزرا.