دێولان؛ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی خەبات ئەمیری چالاکی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشوو

02:01 - 1 رێبەندان 2725

٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٤؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "خەبات ئەمیری" چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی دێولان سەر بە شاری سنە، لە شوێنی دەسبەسەرکران و چارەنووسی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ "خەبات ئەمیری" تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی "دێولان" لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و بە ئەگەری زۆرەوە لە ٢٤ی بەفرانباردا لەلایەن ‌هێزە ئەمنیەتییەکانەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی لە سنە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوینێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

خەبات ئەمیری باوکی منداڵێکە و چالاکی مەدەنییە کە پێشتر دوو جار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و لە دۆسییەی دووهەمدا ساڵێک بەندکرانی داسەپاوی بۆ دەرچووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.