گیەڵان؛ عەلی عەباسی لاوی تەمەن ١٩ ساڵی کوردی کوژراو کە لە نێوان سەدان تەرمەکەی کەهریزەک دۆزرایەوە و لە بەرانبەر ٧٠٠ میلیۆندا ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە
٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٤؛ "عەلی عەباسی" لاوی تەمەن ١٩ ساڵانی خەڵکی "گیەڵان"، شوناسی یەکێکی دیکە لە کوژراوانی ١٩ی بەفرانبار لە تارانە؛ بنەماڵەی ناوبراو پاش ئەوەی کە شەوی پێشتر ناوبراویان بردبووە ژووری نەشتەرگەری، سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤ تەرمەکەیان لەنێوان سەدان تەرمی کەهریزەکی تاراندا دیتەوە و دواتر بە پێدانی ٧٠٠ میلیۆن تمەن پارە تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە پشتڕاستکراوەکانی کوردپا؛ لاوێکی تەمەن ١٩ ساڵانی خەڵکی گیەڵان بە ناوی "عەلی عەباسی" لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە تاران، کاتژمێر ١١ی شەو، کرایە ئامانجی فیشەکی جەنگیی هێزەکانی سپای پاسداران و دایکی بۆ نەخۆشخانەی ڕاگواست.
لە درێژەدا لە زاری هێزێکی لیباس شەخسییەوە دەوترێت کە عەلی هەتا کاتژمێر ٥ی بەیانی لە ژووری نەشتەرگەریدا بووە. بەڵام ڕۆژی ٢٠ی بەفرانبار، بنەماڵەی عەباسی لەگەڵ سەدان بنەماڵەی دیکە کە منداڵەکانیان بریندار ببوون و لە نەخۆشخانە بوون، دەچنە ئەوێ و تیمەکانی هێزە ئەمنییەتی و لیباس شەخسییە حکوومەتییەکان لە کەهریزەکی تاران و سەدان تەرمی پێچراو لە کیسەی ڕەشدا دەبینن.
بنەماڵەکان لە شۆکدا چاوەڕێی ڕاگەیاندنی ناوی منداڵەکانیان دەبن و پاش ڕاگەیاندنی ناوی "عەلی عەباسی" و گەڕانی زۆری بنەماڵە لە نێوان تەرمەکاندا، تەرمەکەی بە ٧٠٠ میلیۆن تمەن ڕادەستی بنەماڵەکەی دەکرێتەوە.
ڕۆژی هەینی ٢٦ی بەفرانباری ١١٤٠٤، تەرمی ئەم لاوە ١٩ ساڵانە لە گوندی "ئەوەڵ ویار" لە شاری گیەڵان، بە بەشداریی بنەماڵە و هەندێ لە نزیکەکان و بە بەشداریی هێزە ئەمنییەتی، لیباس شەخسی و موخبر و هێزە زۆرەکانی سپای پاسداران بەخاک سپێردرا.
"عەلی عەباسی" کوڕی "شیرین و فەریبورز" تەمەن ١٩ ساڵ، تەنیا کوڕی بنەماڵەیە و تەنیا خوشکێکی ١٦ ساڵانی هەیە. ئەم بنەماڵەیە بەهۆی هەژاری و بێکارییەوە، ٨ مانگ پێش دەچنە تاران و باوک و دایکی عەلی وەک گارسۆن لە ڕێستوورانێکدا دەست بە کار دەکەن.