کەرەج؛ ڕەگبارکردن لە ماشینی بنەماڵەیەکی کوردی سونقوڕی و گیانلەدەستدانی دایک، باوک و کوڕی بنەماڵەکە
٢٥ی بەفرانباری ١٤٠٤؛ لە کوشتاری خوێناویی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ لەلایەن هیزە سەرکوتکەرە نیزامییەکانەوە لە کەرەج، بنەماڵەیەکی کوردی خەڵکی سونقوڕ سەر بە پارێزگای کرماشان و دانیشتووی کەرەج کرانە ئامانجی هێرشی گرووپیی هێزە سەرکوتکەرەکان و تەقە لە ماشینەکەیان کرا و گیانیان لەدەست دا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە وتی؛ "بیژەن مستەفەوی" تەمەن ٥٥ ساڵان، خانەنشینکراوی پەروەردە و بارهێنان و باوکی بنەماڵە، "زەهرا بەنی عامریان" تەمەن٤٨ ساڵان و دایکی بنەماڵە و خانەنشینکراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی و "دانیال مستەفەوی" تەمەن ١٩ ساڵان و خوێندکاری کامپیۆتر، ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە کەرەج لەنێو ماشینەکەی خۆیاندا کرانە ئامانجی تەقەی هێزە سەرکوتکەر_نیزامییەکان و هەموویان گیانیان لەدەست دا.
دەوترێت کوڕی گەورەی ئەم بنەماڵەیە بە ناوی "داوود مستەفەوی"یش لەنێو ماشینەکەدا بووە و تەقەی لێ کراوە و بەسەختی بریندار بووە و سەبارەت بە ئاخرین دۆخی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
ئەم بنەماڵەیە بە ڕەچەڵەک کورد و خەڵکی شاری سونقوڕ لە پارێزگای کرماشانن.