کرێند/ داڵاهۆ؛ ٥ ڕۆژ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی بنەماڵەی کوردی یارسان، فەرشاد و غەزەڵ شەفیعی و ئێلهام مێهرابی
۲۳ی بەفرانباری ۱۴۰۴؛سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی بنەماڵەیەکی یارسان لە کرێندی داڵاهۆ بە ناوەکانی "سەید فەرشاد شەفیعی" ٤٥ ساڵان و باوکی بنەماڵە، سەیدە غەزەڵ شەفیعی" ٢٣ ساڵان و کچی بنەماڵە و "ئێلهام مێهرابی" دایکی بنەماڵە، سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، کاتژمێر ٣ی سەرلەبەیانی، سێ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەیەکی یارسان لە شاری "کرێند" سەر بە شاری داڵاهۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە هێرش بۆ سەر ماڵەکەیان دەسبەسەر کران و سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە دوابەدوای بەشداری لە ناڕەزایەتییە هێمنانە خەڵکییەکان لە کرێندی داڵاهۆ دەسبەسەر کران.
پێویستە بوترێ کە سەیدە غەزەڵ شەفیعی لەدایکبووی ٢٨ی بەفرانباری ١٣٨١، ژەنیار و مامۆستای تەموورەیە.