تاران؛ تەرمی ئیبراهیم ئەحمەدپووریان، کرێکاری گیانلەدەستداوی سەقزی بە هۆی نەدانی یەک میلیارد تمەن پارە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکرایەوە
۲۳ی بەفرانباری ۱۴۰۴؛ "ئیبراهیم ئەحمەدپووریان" هاووڵاتیی خەڵكی سەقز کە لە تاران خەریکی کرێکاری بووە و کوردپا پێشتر شوناسی پشتڕاست کردبوویەوە، دوای پێنج ڕۆژ بە هۆی نەبوونی توانایی ماڵی بنەماڵەکەی بۆ پێدانی یەک میلیارد تمەن پارە لە جیاتی پارەی فیشەک، تاکوو ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم هاووڵاتییە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤دا بە تەقەی هێزە نیزامی_سەرکوتکەرەکان بەسەختی بریندار کرا و ڕۆژێک دواتر ، لە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤دا بە هۆی سەختیی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.
ئیبراهیم ئەحمەدپووریان، کوڕی عومەر و خەدیجە، باوکی دوو منداڵ و بە ڕەچەڵەک خەڵکی گوندی "شیخەڵە" سەر بە شاری سەقز بوو کە لە تاران نیشتەجێ بوو و کرێکاریی دەکرد.
١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، کوردپا بە بڵاوکردنەوەی زانیاری، هەواڵی گیانلەدەستدانی ناوبراو لە تارانی پشتڕاست کردبوویەوە.