کرماشان؛ نەوید ساڵحی پەرستاری ٢٤ ساڵانی خەڵکی پاوە، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ١٨ی بەفرانبارە

21:39 - 24 بەفرانبار 2725

۲۲ی بەفرانباری۱۴۰۴؛ «نەوید ساڵحی»، پەرستاری تەمەن ۲۴ ساڵانی خەڵكی پاوه کە لە نەخۆشخانەکانی کرماشاندا کاری کردووە، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە کرماشان لە ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ـە. ناوبراو بە تەقەی هێزە نیزامی_ سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست داوە و لە زێدی خۆی بە خاک سپێردراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ کوردپادا وێرای پشتڕاستکردنەوەی شوناسی ناوبراو و کوژرانی لەلایەن هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە وتی: «نەوید ساڵحی»، لە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤دا لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کرماشاندا کوژراوە و دەوترێت کە «لە شوێنی کارەکەی کراوەتە ئامانج»، هەرچەند کوردپا بۆ پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی لە شوێنی کارەکەی پێویستی بە بەڵگەی زیاترە تاکوو ڕوون ببێتەوە کە ناوبراو چۆن لە شوێنی کارەکەی کە نەخۆشخانە بووە، کراوەتە ئامانج.

نەوید ساڵحی، خەڵکی گوندی "مزیدی" سەر بە شاری پاوە لە پارێزگای کرماشانە. ناوبراو لە تەمەنی شەش مانگاندا باوکی لەدەست داوە و بە زەحمەت گەورە بووە، ئەم پەرستارە ٢٤ ساڵانە دەرچووی بواری "ئەشەعە" بووە و لە نەخۆشخانەکانی «فارابی» و «ئیمام ڕەزا»، لە کرماشان کاری کردووە.