سەڵماس؛ دیار پوورچەهریق لە گیانلەدەستداوانی ٢١ی بەفرانبار بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە پوونەکی تاران

21:33 - 24 بەفرانبار 2725

٢٢ی بەفرانباری ۱۴۰۴؛ "دیار پوورچەهریق" تەمەن ٣٢ ساڵان و کوڕی عەلی، خەڵکی گوندی "پتەوێر" سەر بە شاری سەڵماس، شوناسی یەکێکی دیکە لە هاووڵاتییانی گیانلەدەستداو لە پوونەکی تارانە کە بە تەەقەی ڕاستەوخۆی هیزەکانی سەرکوت کوژراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە بە کوردپای وت: "دیار پوورچەهریق" کە تازەیی ماشینی کڕیبوو و بۆ کاری موسافرکشی چووبووە تاران، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە گەڕەکی "پوونەک"ی تاران لەلایەن هێزە نیزامی_سەرکوتکەرەکانەوە تەقەی ڕاستەوخۆی لێ کراوە و گیانی لەدەست داوە.

"دیار پوورچەهریق" سەڵت بووە و بە ڕەچەڵەک خەڵکی گوندی "چەهریق" و دانیشتووی گوندی "پتەوێر" سەر بە شاری سەڵماس بووە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە دوو لاوی دیکەی خەڵکی سەڵماسیش لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی تاراندا لەلایەن هێزە نیزامی_سەرکوتکەرەکانەوە کوژراون کە "کوردپا" خەریکی پشتڕاستکردنەوەی شوناسیانە.