شوناسی چوار گیانلەدەستداوی چناران کە بە فیشەکی جەنگی کوژرابوون؛ ڕۆحوڵڵا ستارەموشتەری، مێهدی وەلیدووست، مێهدی قوربانیدووست و مورتزا جەهانبەخش

02:36 - 22 بەفرانبار 2725

٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤؛ ڕۆحوڵڵا ستارەموشتەری، مێهدی وەلیدووست، مێهدی قوربانی‌دووست و مورتزا جەهانبەخش وەرانلوو شوناسی چوار کەس لە گیانلەدەستداوانی کوردی شاری "چناران" لە پارێزگای خوراسانن کە ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانیان لەدەست دا. ئەم هاووڵاتییانە بەشێوەی ئامانجدار، لە پشت سەرەوە و بە مەبەستی کوشتن بەتایبەت بە تەقەکردن لە سەر و بەشی سەرەوەی جەستەیان پێکراون و بەم هۆیەوە دەسبەجێ یان پاش ڕاگوێزران بۆ نەخۆشخانە لە کاتژمێرەکانی سەرەتادا گیانیان لەدەست داوە.

کوردپا کە پێشتر زانیاریی سەرەتایی سەبارەت بەم چوار کەسەی بەدەست هێنابوو و تازەیی لە وتووێژ لەگەڵ کەسە نزیکەکانیاندا لە دەرەوەی وڵات کە پێش لە پچڕانی ئینتێرنێت زانیاریی تایبەت بە دوو کەس لەم گیانلەدەستداوانەی وەرگرتبوو و بە کوردپایان دابوو، ئەم ڕاپۆرتە پشتڕاست و بڵاو دەکاتەوە.

ڕۆحوڵڵا ستارەموشتەری لاوی خەڵکی گوندی "قیاس ئاباد" سەر بە چناران بوو کە شەوی چوارشەممە ١٧ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم شارەدا بە تەقەی فیشەکی جەنگی و پێکرانی سەری بەسەختی بریندار بوو و پاش ماوەیەکی کورت گیانی لەدەست دا. لە سەرەتادا بنەماڵەکەی ڕایانگەیاند کە هێزە حکوومەتییەکان ناچاریان کردوون کاتژمێر ٥ی سەرلەبەیانیی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەی بەشێوەی نهێنی بەڕێوە بچێ و نووسییان: "ئەمە شیاوی ئێمە نییە ئێستا براکەمان بکوژن و ناچارمان بکەن کاتژمێر ٥ی بەیانی بە خاکی بسپێرین." لە درێژەدا بنەماڵەکە ڕایانگەیاند کە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ناوبراو کاتژمێر ٨ی بەیانیی ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە گوندی "قیاس آباد" بەڕێوە دەچێت کە بە پچڕانی ئینتێرنێت ناڕوونە توانیبێتیان ڕێوڕەسمەکە بەڕێوە ببەن یان نا. " ڕۆحوڵڵا" لاوێک بوو کە تەنیا ساڵێک بوو ژیانی هاوبەشی پێک هێنابوو و تەنیا سێ ڕۆژ پێش لە کوژرانی ببووە باوکی کوڕێک بە ناوی "داژیار".

مورتزا جەهانبەخش لاوی خەڵکی گوندی "قزڵکەن" سەر بە چناران و لە هۆزی "وەرانلوو" بوو. ڤیدیۆیەک کە لە لاپەڕەی ئینستاگرامی برای یەکێک لە گیانلەدەستداوان بڵاو کراوەتەوە، ساتەکانی پاش تەقەکردن لە ناوبراو نیشان دەدەن کە فیشەک لە سەری داوە، لەپاڵ تەرمە خوێناوییەکەیدا تەرمی بێگیانی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوان کە هی "ڕۆحوڵڵا ستارەموشتەری"یە دەبینرێت؛ ئەویش لە پشتەوە تەقە لە سەری کراوە.

شوناسی دوو کەسی دیکە لە گیانلەدەستداوان کە بۆ کوردپا ڕوون بووەتەوە، مێهدی قورباندووست خەڵکی "دەرگەز" و مێهدی وەلیدووست، خەڵکی چنارانە. ئەم دوو کەسە چەند ساتێک پاش ڕاگوێزران بۆ نەخۆشخانە، بە هۆی سەختیی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەست داوە.

سەرچاوەی کوردپا لە کاتژمێرەکانی سەرەتادا، وێڕای پێدانی بەشێک لەم زانیارییانە، جەختی کردەوە کە ژمارەی گیانلەدەستداوان لە چناران چوار کەس بووە و ژمارەی بریندارەکانیش  زۆر بووە. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، تەقەکردن بە شێوەی ڕەگبار و ڕاستەوخۆ و بە ئامانجی کوشتن بووە؛ بە شێوەیەک کە لە ڤیدیۆکەشدا دوو کەس لە گیانلەدەستداوان لەپاڵ یەک دەبینرێن.

ناڕەزایەتییەکانی چناران لە شەوی ١٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ دەستیان پێ کرد و ڤیدیۆ پێوەندیدارەکان بەم ناڕەزایەتییانە لە نزیکەی کاتژمێر ١٠ی شەو بەولاوە لە میدیاکاندا بڵاو کرانەوە. تەقەی ڕەگباری لە ناڕازییان لە کاتژمێر ١٢ی شەو بەولاوە دەستی پێ کرد و هەموو ئەم کەسانە بە شێوەی ئامانجدار، پاس ڕاوەدوونان لە دواوە و بە مەبەستی کوشتن بە فیشەکی جەنگی تەقەیان لێ کراوە و گیانیان لەدەست داوە.