مەڵکشایی؛ محەممەدڕەزا کەرەمی یەکێکی دیکە لە بریندارەکانی مەڵکشایی بە هۆی توندیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا
١٦ی بەفرانباری ١٤٠٤؛ محەممەدڕەزا کەرەمی، یەکێکی دیکە لە بریندارانی مەڵکشایی، بەهۆی سەختیی برینەکانی پاش چوار ڕۆژ مانەوە لە بەشی چاوەدێریی تایبەتی نەخۆشخانەی ئیلام گیانی لەدەست دا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٤، "محەممەدڕەزا کەرەمی" پاش چوار ڕۆژ مانەوە لە بەشی چاوەدێریی تایبەتی نەخۆشخانەی "خومەینی"ی ئیلام، بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.
لەسەر ڕاگەیەندراوی کۆچی دوایی ئەم لاوە کوردەدا نووسراوە "بەکام تاوان؟" و بڕیار بوو ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٤، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەم مێرمنداڵە کوردە لە گۆڕستانی "مەزار شوهەدای ئیمام حوسێن"ی مەڵکشایی بەڕێوە بچێت.
محەممەدڕەزا کەرەمی تەمەن ١٦ ساڵان و کوڕی جەبارە.
"محەممەدڕەزا کەرەمی" چوارەمین گیانلەدەستداوی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی مەڵکشایی بە هۆی تەقەی ئامانجداری هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای پاسدارانە. "فارس (موحسن) ئاقامحەمەمدی"، "ڕەزا عەزیمزادە" و "مێهدی ئێمامیپوور"یش پێشتر، گیانیان لەدەست داوە.
ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی شاری مەڵکشایی لە پارێزگای ئیلام، هێزەکانی سپای پاسداران بە کەڵکوەرگرتن لە چەکی جەنگی "کڵاشینکۆف" تەقەیان لە ناڕازییان کرد. لە ئاکامی ئەم تەقەکردنەدا، دەیان کەس بریندار بوون کە بە هۆی ئەم تەقەکردنەوە دەیان کەس بریندار بوون کە بە هۆی توندیی برینەکانیانەوە، قەتڵی حکوومەتیی سێ کەس لەوان بە ناوەکانی "ڕەزا عەزیمزادە"، "مێهدی ئێمامیپوور" و "فارس(حوسێن) ئاقمحەممەدی" بۆ کوردپا پشتڕاست کراوەتەوە.