مەڵکشایی؛ فارس ئاقامحەممەدی یەکێکی دیکە لە بریندارانی مەڵکشایی بە هۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا

23:57 - 19 بەفرانبار 2725

 ۱۵ی بەفرانباری ١٤٠٤؛ "فارس (موحسن) ئاقامحەممەدی" یەکێکی دیکە لە بریندارانی مەڵکشایی، بەهۆی سەختیی برینەکانی پاش سێ ڕۆژ مانەوە لە بەشی چاوەدێریی تایبەتی نەخۆشخانەی ئیلام گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ شەوی دووشەممە ٥ی بەفرانباری ١٤٠٤، "فارس (موحسن) ئاقامحەممەدی" پاش سێ ڕۆژ مانەوە لە بەشی چاوەدێریی تایبەتی نەخۆشخانەی "خومەینی"ی ئیلام، بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

پێشتر کوردپا ڕایگەیاندبوو کە "فارس (موحسن) ئاقامحەممەدی" بە هۆی ئەوەی کە فیشەک بەر سەری کەوتووە، بە ئاستی وشیاریی ٣ لە بەشی چاوەدێریی تایبەتی نەخۆشخانەی "خومەینی"ی ئیلام لە دۆخێکی نالەباردا بووە.

لەسەر ڕاگەیەندراوی کۆچی دوایی ئەم لاوە کوردەدا نووسراوە "بەکام تاوان؟" و بڕیار بوو ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٤، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەم لاوە کوردە لە گۆڕستانی "مەزار شوهەدا"ی ئیلام بە بەڕێوە بچێت.

"فارس (موحسن) ئاقامحەممەدی"، کوڕی هاشم و سەڵتە.

"فارس (موحسن) ئاقامحەممەدی" سێیەمین گیانلەدەستداوی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی مەڵکشایی بە هۆی تەقەی ئامانجداری هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای پاسدارانە. ڕەزا عەزیم‌زادە و مێهدی ئێمامی‌پووریش پێشتر، گیانی لەدەست داوە.

ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی شاری مەڵکشایی لە پارێزگای ئیلام، هێزەکانی سپای پاسداران بە کەڵکوەرگرتن لە چەکی جەنگی "کڵاشینکۆف" تەقەیان لە ناڕازییان کرد. لە ئاکامی ئەم تەقەکردنەدا، دەیان کەس بریندار بوون کە بە هۆی ئەم تەقەکردنەوە دەیان کەس بریندار بوون کە بە هۆی توندیی برینەکانیانەوە، قەتڵی حکوومەتیی سێ کەس لەوان بە ناوەکانی "ڕەزا عەزیم‌زادە"، "مێهدی ئێمامی‌پوور" و "فارس (حوسێن) ئاقامحەممەدی" بۆ کوردپا پشتڕاست کراوەتەوە.