مەریوان؛ ئاروین نیک‌پەی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران ڕەوانەی بەندیخانە کرا

21:35 - 19 بەفرانبار 2725

ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٤، ئاروین نیک‌پەی هاووڵاتیی خەڵكی گوندی "نێ" سەر بە شاری مەریوان، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ئەم شارە کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم لاوە کوردە پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی مەریوانەوە بە تۆمەتەکانی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی، هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران و پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ١١ ساڵ بەندکران مەحکووم کرابوو و پاش ناڕەزایەتیدەربڕین بە بڕیاری دادگای سەرەتایی و ڕادەستکردنی دۆسییەکە بۆ دادگای پێداچوونەوە، حوکمەکەی بۆ سێ ساڵ بەندکرانی داسەپاو گۆڕدرا.

ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠١، "ئاروین نیک‌پەی" بە بێ بەڵگەی یاسایی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار، و بە مەەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەو لاوە کوردە، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو لاوە لە گوندی "نێ" و لەپ‌تاب و مۆبایلەکەی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئاروین لە گرتنگەی ئیتلاعاتی مەریواندا هەوڵی خۆکوژیی دابوو و ڕۆژی شەممە ١٦ی بانەمەڕی ١٤٠٢، پاش ئەم هەوڵە بە ئامبۆلانس لە ئیتلاعاتەوە بۆ نەخۆشخانەی فەجری مەریوان ڕاگوێزرا.

پاش خۆکوژیی ئاروین، بنەماڵەکەی ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی بانەمەڕی ١٤٠٢، لە بەردەم بینای ئیتلاعاتی مەریوان کۆ بوونەوە.