ئیلام؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی وەحید لەتیفنژاد چالاکی مەدەنی و یەزدان عەزیزی
٣ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک حەفتە لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "وەحید لەتیفنژاد" چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی ئیلام و دوو حەفتە لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "یەزدان عەزیزی" ، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لەبەر دەستدا نییە. بەدواداچوونی بنەماڵەکانیشیان ئاکامێکی نەبووە و ناوەندە ئەمنییەتییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "وەحید لەتیفنژاد" چالاکی مەدەنیی خەڵکی ئیلام، ڕۆژی ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و تاکوو ئێستا سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
هەروەها لە ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤دا هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئیلام بە ناوی "یەزدان عەزیزی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و تاکوو ئێستا سەبارەت بە چارەنووسی و شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.