هەرێمی کوردستانی عێراق؛ بێهنام جەماڵی، چالاکی سیاسیی خەڵكی ئیلام، کراوەتە ئامانجی هەڕەشە و گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی
٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران کە پێشینەیەکی درێژماوەی لە هەڕەشە، هێرشی سایبێری، ڕفاندن و تێرۆر لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیدا هەیە، هاوکات لەگەڵ سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکان، پانتایی هەڕەشەکانی خۆی گەیاندووەتە دەرەوەی وڵات و بەتایبەت هەرێمی کوردستان. لە یەکێک لەم حاڵەتانەدا، "بێهنام جەماڵی" چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی ئیلام و دانیشتووی هەرێمی کوردستان، هەڕەشەی "ڕفاندن و ئەمنییەتی گیانی"ی لێ کراوە. هەروەها بنەماڵەکەشی لە ئێراندا بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ ناوەندە ئەمنییەتییەکان کەوتوونەتە ژێر گوشارەوە.
"بێهنام جەماڵی" کە ساڵانێکە لە بواری چالاکیی سیاسیدا بەتایبەت لە پێوەندی لەگەڵ پارێزگای ئیلامدا چالاکە و لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠٤دا سەبارەت بە دۆخی شاری ئیلام، چالاکیی سیاسی، میدیایی و مافی مرۆیی هەبووە، دەڵێ کە خۆی و بنەماڵەکەی لە ئێراندا بەشێوەی ڕاستەوخۆ بە هۆی چالاکییە سیاسییەکانی ناوبراو لە دەرەوەی وڵات هەڕەشەیان لێ کراوە و کەوتوونەتە ژێر گوشارەوە.
ئەم هەڕەشانە، ناردنی کورتەنامەی هەڕەشەئامێز بە ئاماژەی ڕاستەوخۆ بە ناوی منداڵە بچووکەکەی و هۆشداریدان سەبارەت بە "سەفەری درێژخایەن" و بێبەریکران لە بینینی منداڵەکەی، هەڵگرتنەوەی ڤیدیۆی نهێنی لە هاتوچۆکانی لەنێو شاردا و ناردنی ئەم ڤیدیۆیانە بۆ ئینستاگرامەکەی و هەروەها بانگکردن و گوشارخستنەسەر بنەماڵەکەی لە نێوخۆی ئێران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بۆ ناچارکردنی ناوبراو بە هاوکاری لەگەڵ دامودەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ بووە؛ بەم هەڕەشە ئاشکرایەوە کە لە ئەگەری هاوکارینەکردندا، دەڕفێندرێت یان دەکوژرێت.
ئەم چالاکە سیاسییە، کە کورتەنامە هەڕەشەئامیز و ڤیدیۆکانی بۆ کوردپا ناردوون، دەڵێ زۆربوونی ئەم هەڕەشانە ناچاری کردووە کە خەریکی گۆڕینی شوێنی ژیانی بێت و بەشێوەی کاتی، بۆ پاراستنی گیانی خۆی و بنەماڵەکەی، بچێتە شوێنێکی دیکە. ناوبراو جەخت دەکاتەوە کە بەتوندی نیگەرانی ئەمنییەتی بنەماڵەکەی و بەتایبەت هاوسەر و منداڵە بچووکەکەیە. بە وتەی ئەم چالاکە سیاسییە، هۆکاری سەرەکیی ئەم گوشارانە، چالاکییە سیاسییەکانی ناوبراو لە پێوەندی لەگەڵ پارێزگای ئیلام، بەمیدیایکردنی حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و بەدواداچوونی دۆخی ناڕازییان و قوربانییانی سەرکوتە. ناوبراو دەڵێ بنەماڵەکەی چەندین جار لە نێوخۆی ئێران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بانگ کراون و کەوتوونەتە ژێر گوشارەوە و بە دەسپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە، پێیان وتراوە کە "دەبێ بە بێهنام بڵێن کە هاوکاریی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بکات؛ ئەگەر ئەمە نەکات، بڕفێندرێ یان تووشی هەر ڕووداوێک ببێت، بەرپرسایەتییەکەی لە ئەستۆی خۆیە".
هەڕەشە، ترساندن و بەدواداچوونی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی دەرەوەی وڵات لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، بەتایبەت لە ماوەی ناڕەزایەتییەکان و قەیرانە سیاسییەکان، ڕەوتێکی بەردەوام و بەڵگەمەندە. کۆماری ئیسلامی لە شێوەگەلی جۆراوجۆری وەک هەڕەشەی ڕاستەوخۆ، گوشار بۆ سەر بنەماڵەکان، هێرشی سایبێری، ڕاوەدوونانی فیزیکی، ڕفاندن و تێرۆر بۆ بێدەنگکردنی دەنگە ڕەخنەگرەکان لە دەرەوەی وڵات کەڵکی وەرگرتووە. تاکوو ئێستا سەدان حاڵەتی تێرۆر و هێرشی ئامانجدار دژی چالاکانی سیاسی و ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکان لە خاکی هەرێمی کوردستاندا تۆمار و بەڵگەمەند کراوە.
وێنەگەلێکی تایبەت بە کورتەنامەگەلێکی هەڕەشەئامێزی نێردراو بۆ "بێهنام جەماڵی" و هەروەها ڤیدیۆیەک لە خۆی لە شەقامەکاندا بۆی نێردراوە نیشانی دەدات کە لە یەکێک لەم پەیامانەدا نووسراوە؛ "ئەم ڕۆژانە زیاتر لەگەڵ منداڵەکەت کات بەسەر ببە و بەم زووانە دەچێتە سەفەرێکی درێژخایەن". هەروەها بهنام جەماڵی ئەم ڤیدیۆیەی بۆ کوردپا ناردووە بەڵام بە هۆی پاراستنی ئەمنییەتی شوێنی ژیانی ناوبراو و بە سەرنجدان بە ئەگەری ناسرانەوەی شار و دووکانەکان لە ڤیدیۆکە، کوردپا لە بڵاوکردنەوەی خۆ دەبوێرێ.
هەڕەشە جیاوازەکانی کۆماری ئیسلامی دژی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی دەرەوەی وڵات بەتایبەت لە ڕەوتی ڕووداوەکان سیاسییەکاندا بابەتێکی بەربڵاوە و کۆماری ئیسلامی بە شێوەی جۆراوجۆر ئەم کارە دەکات. لە هێرشە سایبێری و ئامانجدارەکانەوە هەتا هەڕەشەی ڕفاندن و تێرۆر و ئەنجامدانی سەدان تێرۆر لە خاکی هەرێمی کوردستان دژی چالاکانی سیاسی و ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکان کە تۆمار کراوە.